1440 رۆژنامەنووس پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە

1440 رۆژنامەنووس پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە
سوڕایا – هەولێر
سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا یەك هەزار و 440 ڕۆژنامەنووس پێێلكارییان بەرامبەر كراوە بۆیە داوا لە دادگاكانی كوردستان دەكەن تاوانباران لە سزا دەرباز نەبن.
ئەمڕۆ 2/10/2018 لە شاری هەولێر دیداری ڕۆژی جیهانی دەرباز نەبوونی تاوانباران لە سزا بەڕێوەچوو.
لەو دیدارەدا كە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان سازی كردووە هەندرێن ئەحمەد سكرتێری سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بە ڕۆژ نیوزی راگەیاند: 2ی نۆڤەمبەر ڕۆژێكی نێودەوڵەتییە بەهۆی ئەوەی كە رۆژنامەنووسان شەهید بوون بۆ ئەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ رۆژنامەنووسان بكرێت، لە كوردستانیش بۆ ئەوەی كرانەوی ئازادی و پشتیوانی ئازادی ڕادەربرین بكرێت دەمانەوێت نامەیەك بدەینە لایەنە پەیوەندیدارەكان و فشاریان لەسەر بكەین تا ڕێز لە رۆژنامەنووسان و كاری ڕۆژنامەنووسان بگیرێت.
گوتیشی: كاری سەندیكا ڕێكخستنی پیشەیی ڕۆژنامەنووسانە، توانا سەرەكییەكانیشی لەو پێناوەدا خەرج دەكات و دەیەوێ بەهەموو لایەنە ڕۆژنانەمەنووسان و ڕێكخراوەكان و حكومەت و دادگاكانیش ڕابگەیەنێت هاوشێوەی هەموو پیشەكانی تر كاری ڕۆژنامەنووسیش پیشەیە.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی كە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان كە بڵاوكراونەتەوە لە ماوەی ساڵانی 2008 تا 2018 لە هەرێمی كوردستان پێنج ڕۆژنامەنووس تیرۆركراون كە تا ئێستا دۆسیەكانیان دانەخراوە چونكە تاوانبارانیان دادگایی نەكراون، هەروها 898 حاڵەتی پێشێلكاری لە گرتن و لێدان و رێگری بەرامبەر 1440 ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە كە 1328 رۆژنامەنووسی نێر و 64ی مێینەن، 347 حالەت لە هەولێر و 285 حاڵەتی لە سلێمانی و 107 حاڵەت لە دهۆك و 59 حاڵەت لە كەركووك و 18 حاڵەت لە هەڵەبجە و 18 حاڵەت لە موسڵ و 6 حاڵەت لە كفری و 6 حاڵەت لە خانەقین و 5 حاڵەت لە سەلاحەدین و 4 حاڵەت لە بەغدا و 4 حاڵەتیش لە دیالە ڕوویانداوە.
سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ئەو داتایانەی هەرێمی كوردستان بەبەراورد بە ژمارەكانی جیهان بە مەترسی دەزانێت چونكە لە سەرانسەری جیهان هەر لەو دەساڵەی ڕابردوودا 760 ڕۆژنامەنووس تیرۆركراون.

عن nawzad hakim